کاتێ بەشانازییەوە خۆتان بەشۆرشگێر دژی دەوڵەتانی داگیرکەر پێناسه ئەکەن، دەی خۆ حەماس لەئێوە شۆڕشگێڕترە، چونکە ئەگەر ئێوە لەگەڵ یەک دەوڵەت ڕووبەڕووبون، حەماس بەلانی کەمەوە لەگەڵ تەواوی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان و ناتۆ بەربەرەکانی ئەکات.

ئەگەرئێوە نیشتیمانتان بەجێ هێشت، هەریەکەی چون لە وڵاتێکی درواسێ گیرسانەوە، جارجار شەڕێکی پارتیزانیتان ئەکرد، حەماس لەسەر نیشتیمانی خۆی پارێزگاری لە خەڵک و خاکی خۆی ئەکات.

ئەگەر دەڵێن حەماس بە موشەک بارانی ئیسڕائیل دەبێتە هۆکاری ئەوەی دوژمن خەڵکی بێتاوان بکوژێت، ئێوەش دوو فیشەکتان لە هەرکوێ تەقاندبا خۆتان ڕاتان ئەکرد و خەڵکیش تووشی کۆمەڵ‌کوژی و زیندان و لێدان ئەبو‌ون، هەڵەبجە و ئەنفال باشترین شایەدی ئەم وتەیەن، بەڵام حەماس بەم کارەی کردی دۆسیەی دەوڵەتی فەلەستینی لە مردن ڕزگار کرد و بۆ جارێکی تر هێنایەوە سەرزمانی سەڕۆکانی وڵاتانی جیهان و مێزی گفتگۆ.

ئەگەر بۆیە حەماس بەدتیرۆریست ناو ئەبەن، چونکە دوژمنەکانیان وایان پێ ئەڵێن؟ خۆ بە ئێوەش دەگوترێ تیرۆریست، بۆ دەرزی لە چاوی خەڵکدا ئەبینن و شوژن لەچاوی خۆتاندا نابینن؟

بۆ مەگەر حەماس جگە لە ئیسڕائیل کە خاکی لێ داگیر کردوون و خەڵکی لێ دەربەدەر کردوون، فیشەکی بەکەسە وەناوە؟ تەنانەت پارتی و یەکێتی کە گوایە هەرێمێک بەڕێوە ئەبەن و لەگەڵ سەرۆکانی جیهان سەردانی یەکتری ئەکەن و وێنە ئەگرن، هێشتا لە لیستی تیرۆر دەرنەهاتوون!

ئەگەر دەڵێن سەربە ئێرانن، بەخوا درۆ ئەکەن، حەماس تەنیا سەر بەخوا و خۆی و خەڵکەکەیەتی و ئەگەر چەک و چۆڵیش لە ئێران وەر گرن، کارێکی خەراپیان نەکردووە، سەر بە لایەنێک بوون کاتێ عەیبەیە  بۆ بەرژەوەندی ئەو لایەنە کار بکەیت؛ وەک ئەوەی خۆتان ئەتان کرد و ئێستاش ئەیکەن!

بۆ مەگەر ئێوە سەر بە ئێران وعێراق و تورکیا نەبوون و نین؟ تەنانەت شەڕی براکوژیشیان پێ نەکردن؟ مەگەر هەر ئەو کۆنگرەی دوایی یەکێتی نیشتیمانی لەژێر چاودێری سوپای قودسی ئێرانی دا بەڕێوە نەچوو؟

ئەگەردەڵێن بۆ بەرژەوەندی کورد خۆمان بە ئامریکا و ئیسڕائیلەوە ئەبەستینەوە، بەشکەم شتێکمان بۆ بکەن، وەدوو کڵاوی خوار کەوتوون، ئەوان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان سیاسەت ئەکەن، نەک لەبەرچاوی ڕەشی ئەم و ئەو، مەگەر لە ١٦ی ئوکتۆبردا نەتان بینی حەشدی شەعبی بە فڕۆکە و تانکە ئەمریکییەکان، لەبەرچاوی ئامریکا وهێزە هاوپەیمانەکانی لەچاوچوقانێکدا 51% خاکی کوردستانیان داگیر کرد؟

ئەی بۆ پێشیان پێ نەگرت؟ ئێوە بۆ بەجێی بەرگری لە قودسی کوردستان بکەن ڕاتان کرد؟

ئەگە لەبەر ئیسلامی‌بوون دژایەتی حەماس  ئەکەن، خۆ ئێوە نوێنەرایەتیی خەڵکێکی مۆسوڵمان ئەکەن، کە زۆرینەی ڕەهای دڵی بۆ قودس لێ ئەدا ، لێک دابڕاندنی کورد و ئیسلام، گەرچی بە نهێنی وەکوو پڕۆژە کاری لەسەر ئەکەن، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع نەدەوێرن خۆتان ئاشکەرا کەن و نە کۆمەڵگای کوردەواریش لێتان قبوڵ دەکات.

ئەگەر باوەڕتان بە دێموکراسییەت هەیە، دەی خۆ حەماس لە دوایین هەلبژاردندا بەدەنگی خەڵک حکومەتی پێک هێنا، بەڵام ئەڕبابە دێموکڕاسی خوازەکانتان، وتیان ئێمە کاتێک دیمۆکڕاسیمان قەبوڵە کە هەرچی ئێمە خۆشمان ئەوێ ئەو لە هەڵبژاردن دەرچێ!

بۆیە دانیان بە حکومەتی حەماسدا نەهێنا و ماوەی ١٧ ساڵە لەم تۆڵەیەدا ئابڵوقەیان خستۆتە سەر کەرتی غەززە.

پێویستە بزانن حەماس لەم شەڕەدا، وەها دم‌ولوتی ئیسرائیل و شکۆی ئامریکای تێک شکاند، هەتاهەتایە وەک خۆیان لێنایەتەوە، ئەمە لە لایەک و لە لایەکی ترەوەش حەماس زۆر زیاتر لە جاران لەناو دڵی خەڵکی خۆی و دونیای ئیسلامدا جێی خۆی کردەوە و دوژمنیش و دونیای دەرەوەش ئەزانێ کێشەی فەلەستین دەبێ چارەسەر بکرێ و بێ حەماسیش چارەسەر ناکرێ، فەتح و مەحموود عەباسیش تازە حیسابی پوشێکیان  بۆ ناکرێ.

حەماس لەم شەڕەدا تا ئێستا براوە بووە و لە کۆتاییشدا هەر براوە ئەبێ، بۆیەش دوژمن ناچار بوو بەپێی مەرجەکانی حەماس شەڕ ڕابگرێ.

واچاکە هێزە کوردییەکان بەخۆیاندا بچنەوە، لەجیاتی ئەم دژایەتیکردنەی حەماس، دەرسی شۆڕشگێری، خۆڕاگری، وڵات پاڕێزی، بوێری، فیداکاری، خەیانەت نەکردن، جاسوسی نەکردنی لێ فێر بن، لێی فێر بن چۆن بچنە ناو دڵی خەڵکەکەیان، لێی فێر بن چۆن متمانەی خەڵک بەدەس بێنن، لێی فێر بن چۆن سەرکردە سیاسی و فەرماندە سەربازییەکان و بنەماڵەیان لەپێشەوەی خەڵکیدا خۆیان فیدای خاک و نیشتیمان بکەن، لێی فێر بن چۆن دوژمن بەچۆکدا بێنن، لێی فێر بن چۆن سەرنجی دونیا بۆ ڕەوایەتی دۆزە ڕەواکەیان ڕابکێشن، لێی فێر بن چۆن شەڕ لە بەرژەوەندیی سیاسەتدا بەکار بێنن، لێی فێر بن چۆن لە مەیدانی شەڕ و لەسەر مێزی دانوستان بە دوژمن نەدۆڕێنن.